کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ ڕێکاری گرنگی بەبازاڕکردن و پاراستنی گەنمی جوتیارانی دەگرێتە بەر.
ئەمڕۆ نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە ڕێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سێ ڕێکاری کارگێڕی بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران جێبەجێ کراون.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، لە قۆناغی یەکەمدا، بڕی 387 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، لە کاتێکدا پشکی دیاریکراوی حکومەتی فیدراڵ 400 هەزار تۆن بووە، پرۆسەکە لە حوزەیران دەستی پێکردووە و لە 19ی تەمموز کۆتایی هاتووە.
لە قۆناغی دووەمی پلانەکەدا، حکومەت لە ڕێگەی دوو کۆمپانیای ناوخۆییەوە بڕی نزیکەی 200 هەزار تۆن گەنمی ماوەی جووتیارانی بە نرخی 400 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک کڕیوەتەوە، بۆ قۆناغی سێیەمیش، لێژنەیەکی باڵا بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنی گەنم پێکهێنراوە و 11 کۆمپانیا ڕێکارە کارگێڕی و داراییەکانیان تەواو کردووە تا دەست بە پرۆسەی هەناردەکردن بکەن.
بەمەبەستی هاندانی کۆمپانیاکانی هەناردەکردن، حکومەت مەرجی مۆڵەتی بازرگانیی تایبەتی لاداوە و پێشنیاری بەخشینی 245 هەزار تۆن گەنمی هەناردەکراوی لە باجی گومرگی کردووە، ئەم هەنگاوە یارمەتی کۆمپانیاکان دەدات کێبڕکێی زیاتر لە بازاڕەکانی دەرەوەدا بکەن و تێچووی سەر شانیان کەم بێتەوە.
ئەمساڵ بە گشتی زیاتر لە 800 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان کڕدراوەتەوە، هەر بڕێکیش هەناردە نەکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت، ئەم پڕۆژە نیشتمانییە لە پێناو دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە دەرەوەی وڵات جێبەجێ دەکرێت.