بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا سەرپەرشتی و چاودێری بخاتە سەر بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و دارایی، ئەمەش دوای ئەوەی چەند سەرپێچییەکی گەورە تۆمار کران کە کاریگەرییان لەسەر پێگەی دارایی بانکەکە و پارەی سپاردەکاران (مودعین) هەبووە.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 2ـی ئەیلوولی ئەمساڵ ڕایگەیاند، بۆ ماوەی 18 مانگ سەرپەرشتیارێکی نوێی بۆ بەڕێوەبردنی بانکی تەیفی ئیسلامی دیاری کردووە کە سەرجەم دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی پێ سپاردووە، ئەم بڕیارە ڕێکارێکی خۆپارێزی و یاساییە و پشت بە ماددەی 59 لە یاسای بانکەکان ژمارە 94ـی ساڵی 2004ی هەموارکراو دەبەستێت، بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان.
بانکی ناوەندیی عێراق ڕوونی کردەوە و دڵنیایی دا بە بەشداربووانی ئەم بانکە، کە ئەم ڕێکارە چاودێرییە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەی بانکەکە و چارەسەرکردنی دۆخی داراییەتییە، دوای ئەوەی سەرپێچیی گەورەی تۆمار کردبوو، نەک ڕاگەیاندنی مایەپووچبوونی بانکەکە یان داخستنی یەکجاری.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی بانکی ناوەندی دوای ئەوە هات، ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراقی کە پارەکانیان لەم بانکەدا دانابوو، لەبەردەم لقەکانی بانکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا کۆبوونەوە بۆ ڕاکێشانی پارەکانیان لە ترسی لەدەستدانیان.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ ئەو کۆتوبەندانەی ئەمریکا خستوویەتییە سەر ژمارەیەک بانکی عێراقی، لە نێویاندا بانکی تەیف، بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلار، بەڵام لایەنە چاودێرییەکان جەخت لە پێویستیی جیاکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا و بڕیارەکەی عێراق دەکەنەوە، چونکە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ڕاستەوخۆ پشتی بە بوونی سەرپێچیی دارایی ناوخۆیی بەستووە کە پێویستی بە دەستێوەردانی خێرا و لێسەندنەوەی دەسەڵات لە ئیدارەی پێشوو هەبووە.