دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق داخستنی بارەگا و ناوەندەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی لە کەرکووک و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕێکارە مەیدانییەکان بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بەردەوامە، هەر بەوهۆیەوە بارەگا و ناوەندەکانی کۆمپانیاکە لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین داخران.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، داخستنی کۆڕەک لەم سێ پارێزگایە درێژکراوەی ئەو هەڵمەتانەیە کە پێشتر لە بەغدا، کەربەلا، نەجەف، دیوانییە، بابل و چەند پارێزگایەکی دیکە بۆ جێبەجیکردنی بڕیارەکان دژ بە کۆمپانیاکە گیراونەتەبەر.
هەر لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پڕۆسەکانی بەدواداچوونی مەیدانی بەشێکە لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری پارێزگا جیاوازەکاندا ئەنجامدراوە.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، کە تیمەکانیان بەردەوام دەبن بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی هەمەلایەنەی بڕیارە رێکخستنییەکان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان.