ئەمریکا خەڵاتی 150 هەزار دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی تورکێک تەرخانکردووە، کە تۆمەتبارە بە فێڵکردن و دابینکردنی پارچەی سەربازی ساختە بۆ پێنتاگۆن.

نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا بڵاویکردەوە، خەڵاتێکی 150 هەزار دۆلار دیاریکراوە لە بەرامبەر هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردن و دۆزینەوەی هاووڵاتییەکی تورک، کە پێشبینی دەکرێت لە ئێستادا لە تورکیا نیشتەجێ بێت.

نوسینگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاووڵاتییە تورکەکە تۆمەتبارە بە فێڵکردن لە گرێبەستەکانی دابینکردنی پارچە و کەرەستەی سەربازی ساختەی تورکی بۆ وەزارەتی جەنگ. ئەو پارچە سەربازییانە لە تورکیا دروستکراون و پاشان ڕەوانەی ئەمریکا کراون بۆ ئەوەی چاکبکرێتەوە و ناسنامەیان بشاردرێتەوە.

لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا ئاشکراشی کردووە، دەسەڵاتداران پێیان وایە ئێستا لە تورکیا نیشتەجێیە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا فەرمانی دەستگیرکردنی فیدراڵی لە دادگای ناوچەی ناوەڕاستی ویلایەتی فلۆریدا بۆ دەرچووە.


ئەمە لە کاتێکدایە، دابینکردنی پارچە و کەرەستەی سەربازی بۆ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پڕۆسەیەکی وردە و پشت بە چەند جۆرە گرێبەستێکی سەرەکی دەبەستێت، پڕۆسەکە لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی کۆنگرێس و یاساکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.