ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی دەستگیر کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ڕێگەی هەژمارێکەوە دراوی ساختەی فرۆشتووە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوون لەلایەن تیمی تاوانەوە و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە دەکرد. 

    
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی هەژمارێکی تیکتۆک بە ناوی (kingdolar28) ڕۆژانە بانگەشەی فرۆشتنی 'دراوی ساختەی لیبی' دەکرد، لەم ڕێگەیەشەوە چەندین هاووڵاتی فریودابوو.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاسایشی هەولێر داوا لە هەر کەسێک دەکات کە سکاڵایی یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە هەیە، بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بکات.

لە کۆتاییدا ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوە ساختانە، چونکە بەپێی یاسا قەدەغەکراوە.