بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان تۆمەتبارێکی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەکردن لە هاووڵاییان دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکانی نەهێشتنی تاوان توانیویانە تۆمەتبارێکی تەمەن 21 ساڵ، دانیشتووی شاری کەلار بە تۆمەتی هەڕەشەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی ئافرەتان دەستگیر بکەن.
بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی گەرمیان، پاش پشکنینی مۆبایلی تۆمەتبارەکە، دەرکەوتووە ناوبراو 6 هەژماری جیاوازی لە بەرنامە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تیکتۆک و سناپچات هەبووە و بەمەبەستی هەڕەشەکردن و فێڵکردن لە هاووڵاتییان بەکاری هێناون.
لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، پۆلیسی گەرمیان داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکات لەلایەن ئەو هەژمارانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە، سەردانی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی.
یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان، سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیاری دەکات لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن و سەرانەیان لێ وەردەگرن، ئەم جۆرە دەستگیرکردنانە یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە ناوچەکەدا.