نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ، بڕیارێکی مێژوویی بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەخشەی کۆنی مێرکاتۆر و جێگرتنەوەی بە نەخشەیەک کە قەبارەی ڕاستەقینەی کیشوەری ئەفریقا پیشان بدات، پەسەند کرد.

 

ئه‌مڕۆ ڕۆژنامەی گاردیان بڵاوی کردەوە، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی کۆتایی بە بەکارهێنانی نەخشەی مێرکاتۆری سەدەی 16ـەیەم هێنا و لەبری ئەوە، نەخشەی 2018ی زەویی یەکسانی پەسەند کرد. وڵاتی تۆگۆ بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەفریقا سەرکردایەتیی ئەم کەمپەینەی کرد و پێی وایە نەخشە کۆنەکە، قەبارەی ئەفریقای زۆر بچووکتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی پیشان داوە.

 

نەخشەی مێرکاتۆر لە ساڵی 1569 لە لایەن جیراردوس مێرکاتۆر، جوگرافیناس و نەخشەکێشی بەلجیکییەوە بۆ یارمەتیدانی دەریاوانان کێشراوە، بەڵام بە هۆی شێوازی کێشانەکەیەوە، ناوچەکانی نزیک هێڵی کەمەرەیی بە بچووکتر و ناوچەکانی باکوور بە گەورەتر پیشان دەدات.

 

لە نەخشە کۆنەکەدا ئەفریقا هێندەی گرینلاند دەردەکەوێت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا 14 هێندەی ئەو ناوچەیە گەورەترە و دەتوانرێت تەواوی ڕووبەری وڵاتانی ئەمریکا، چین، هیندستان و چەندین ناوچەی تر لەخۆ بگرێت. سەرکەوتنی ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و تەکنەلۆژیای ڕۆژانەدا.

 

پێش دەنگدانەکە، فەرەنسا پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکە ڕاگەیاند و بڕیاری دا نەخشەیەکی نوێتر بەکار بهێنێت تا قەبارەی ڕاستەقینەی وڵاتان و کیشوەرەکان ڕەنگ بداتەوە. شارەزایان پێیان وایە نەخشە کۆنەکە خزمەتی بە باڵادەستیی وڵاتانی باکوور کردووە و ڕۆڵی وڵاتانی باشووری بچووک کردووەتەوە؛ هەر بۆیە بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو حکومەتی تۆگۆ لەگەڵ ڕێکخراوی یونسکۆ و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا کۆ ببێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکارییە.

 

نەخشەی مێرکاتۆر بۆ زیاتر لە 4 سەدە وەک پێوەری سەرەکی لە جیهاندا بۆ دیاریکردنی ئاراستەکان بەکار هێنراوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار لە لایەن جوگرافیناسانەوە بە هۆی شێواندنی قەبارەی ڕاستەقینەی کیشوەرەکانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە.