لە پێشهاتێکی بێوێنەی پزیشکیدا، نەخۆشێک بۆ ماوەی زیاتر لە 200 ڕۆژ بە گورچیلەی بەرازی دەستکاریکراوی جینی ژیا، پێش ئەوەی گورچیلەی مرۆڤی بۆ بگوێزرێتەوە.
ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت بڵاوی کردەوە، تیم ئەندروزی تەمەن 66 ساڵ لە ویلایەتی نیو هامپشایەری ئەمریکا، دوای تووشبوونی بە سستبوونی گورچیلە لە قۆناغی کۆتاییدا، لە مانگی یەکی ساڵی 2025 نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام دراوە و گورچیلەکەیان بۆ لێ کردووەتەوە.
پزیشکانی نەخۆشخانەی ماساچوسێتس بە سەرکەوتوویی گورچیلەی بەرازێکی بچووکی جۆری یوکاتانیان بۆ نەخۆشەکە گواستووەتەوە، دوای ئەوەی لە ڕووی جینییەوە لەگەڵ سیستەمی بەرگریی مرۆڤدا گونجێندرا؛ نەخۆشەکە بۆ ماوەی 9 مانگ (271 ڕۆژ) بەبێ پێویستی بە شوشتنی گورچیلە، ژیانی ئاسایی خۆی بەسەر بردووە. دواتر بە هۆی تێکچوونی دەمارەکانی خوێن لە گورچیلەکەدا، ئەندامەکە دەرهێنراوە و گورچیلەی مرۆڤێکی بەخشەری بۆ دانراوە.
توێژەران لە گۆڤاری پزیشکیی زە لانست ئەنجامی ئەم توێژینەوەیەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە کە هیچ ڤایرۆسێک یان نەخۆشییەکی ئاژەڵی بۆ نەخۆشەکە نەگوازراوەتەوە.
دکتۆر لیۆناردۆ ڕێلا لە سەنتەری زانستیی چاندنی ئەندامەکان ڕایگەیاند، کەمیی ئەندامەکانی جەستە بۆ چاندن، گەورەترین قەیرانی ئێستای بواری پزیشکییە؛ بەکارهێنان و گواستنەوەی ئەندامی ئاژەڵ دەبێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ نەخۆشان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ماوەیەکی درێژ لە چاوەڕوانیدان.
لە ساڵی 2024 هەمان نەخۆشخانە یەکەمین نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەرازی بۆ نەخۆشێک ئەنجام دا، بەڵام نەخۆشەکە تەنیا 52 ڕۆژ ژیا و بە هۆی کێشەی دڵەوە گیانی لەدەست دا. قەیرانی کەمیی بەخشینی ئەندامەکانی جەستە ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران نەخۆش لە جیهاندا.