ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت شازادەی جێنشینی سعودیە، لەسەر پرسی کورد و کوردستان قسە دەکات؛ ئەم گرتە ڤیدیۆییە لە لایەن کوردەکانەوە کاردانەوەی زۆری هەبووە و ستایشی جێنشینی پاشای سعودیە دەکەن.

 

ئه‌مڕۆ پایتەخت میدیا، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی لە لایەن بەشی فاکت چێکینگەوە، بۆی دەرکەوت ئەو پارچە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە کە گوایە تێیدا محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، پشتگیری لە پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکات، ڕاست نییە.

 

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، دەرکەوتووە دەنگەکە بەتەواوی لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دروست کراوە و هیچ بنەمایەکی ڕاستیی نییە؛ جووڵەی لێوەکانی محەممەد بن سەلمان لەگەڵ ئەو دەنگەی دەبیسترێت یەک ناگرێتەوە و بەتەواوی دەستکاری کراوە. هەروەها پایتەخت میدیا پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی سعودیەوە گوتارێکی لەو شێوەیە بۆ شازادەی جێنشین تۆمار نەکراوە.

 

سعودیە و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی دیپلۆماسی و ئابووریی جێگیریان هەیە و هەمیشە هەڵوێستەکانی ڕیاز لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە ڕادەگەیەنرێن.