پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە سێ بڵاوکراوەی جیادا، دەستگیرکردنی سێ هاووڵاتی بە تۆمەتی پێشێلکاریی بەرامبەر بە ژینگە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرێکی لە سنووری پیرەمەگروون ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاوی کردەوە، بە هۆی شۆرتی کارەباوە ئاگرێک لە سنووری گوندەکانی (زێوێ و قەرەچەتان)ی سەر بە ناحیەی پیرەمەگروون کەوتەوە؛ دوای هەوڵێکی زۆر و بە هاوکاریی دانیشتووانی ناوچەکە توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
دەربارەی زیانەکانی ئاگرەکە، پۆلیسی دارستانی سلێمانی ڕایگەیاند، 50 دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.
لە لایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ پۆلیسی دارستانی سلێمانی ڕایگەیاند، هاووڵاتییەک بە تۆمەتی بڕینی داری سنەوبەر بە مەبەستی دەرهێنانی شانەی هەنگوین دەستگیر کرا؛ هەروەها دەست بەسەر مشارێکی کارەبایی و مۆلیدەیەکدا گیرا. جەختیان لەوەش کردەوە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێک خراوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.
لە بڵاوکراوەیەکی دیکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیدا هاتووە، لە سنووری عەربەت دوو هاووڵاتی دەستگیر کران کە باڵندەی کێوییان (کەو) پێ بووە؛ هاوکات دەست بەسەر 6 کەوی زیندوو و 4 قەفەزدا گیرا.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە لایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی شارەزوورەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.