دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب لە عێراق بەردەوامە و بەهۆی نەبوونی پارەی کاش، وەزارەتی دارایی عێراق ئەم مانگەش پرۆسەکە بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەدەبات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-8-2026، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی، وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردەوە بە تەمویلکردنەوەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا تەنها حەشدی شەعبی و وەزارەتی ژینگە بە تەواوی مووچەیان دابەشکراوە لەگەڵ بەشێک لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری.
هەفتەی ڕابردوو، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی ماوەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە ڕایگەیاندبوو، چاوەڕێ دەکەن، هاوشێوەی مانگی پێشوو ئەم مانگەش مووچە دابەش بکەن، لە کاتێکدایە مووچەی مانگی حەوت دوای 41 ڕۆژدا دابەشکرا.
هەرچەندە چاوەڕێ ناکرێت ئەم هەفتەیە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە عێراقدا کۆتایی بێت، بۆیە ئەگەر تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو، وەزارەتی دارایی عێراق بتوانێت، داهاتی پێویست کۆبکاتەوە بۆ تەمویلکردنی مووچە، ئەوا مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکات.
ئەمەش لە کاتێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 23ـی ئابی 2026 ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی هەشت و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حەوتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە، هەر هەفتەی ڕابردووش پرۆسەی وردبینکردن لە لیستەکە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکرد.
سەرەڕای بەردەوامی گفتوگۆکان و جەختکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوە لە دیاریکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ نەکراوە و ئەم مانگەش، هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی هەشت بە لێبڕینی 120 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
بەهۆی دۆخی ناوچەکە و کەمبوونەوەی داهاتیش، هاوشێوەی عێراق، هەرێمی کوردستانیش کورتهێنانی هەیە بۆیە لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە، فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی، مووچەکانیان دوادەکەوێت و ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئاب، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزیان کرا.