پایتەخت میدیا، نیگەرانی تووندی خۆی لەبارەی هێرشی سەر تیمی پایتەخت میدیا و هاندەرانی هەولێر لە لایەن هاندەرانی شورتە لە بەغدای پایتەختی عێراق ڕادەگەیەنێت.
ئێمە لە پایتەخت میدیا، لە سەرەتاوە بەو پەڕی خەمخۆرییەوە، توانیمان پاس بۆ سەتان هاندەری هەولێر دابین بکەین، هەر لە هەولێرەوە تاوەکو بەغدا و لە کاتی گەڕانەوە، تیمەکانی پایتەخت یاوەری شاندەکەیان دەکرد و ڕووماڵی دڵخۆشی هاندەران و یارییەکەی کرد، بەڵام بەداخەوە لە دوایی یارییەکە لە لایەن هاندەرانی شورتە و هێزە ئەمنییەکان هێرش کرایە سەر هاندەرانی هەولێر و تیمی پایتەخت، بە کارەبا لێیان دراوە، بە دار و بەرد هێرشیان کراوەتە سەر.
پایتەخت میدیا، جیالەوەی هاندەرانی هەولێری ناردە بەغدا، رووماڵی تەواوی شەڕ و ئاڵۆزییەکەی کرد، ئەو دیمەنانەی لە سۆشیال میدیا دەیبینن، زۆرینەی لە لایەن هەردوو تیمی رۆژنامەوانی پایتەخت بە دۆکیۆمێنت کراون و لە سۆشیال میدیا بڵاو کراونەتەوە، تاوەکو تەواوی خەڵکی کوردستان و بەرپرسانی عێراقی ببینن چۆن لە بەغدای دڵی عێراق، هێرش کراوەتە سەر کورد و هاندەرانی هەولێر و تەواوی میدیاکانی کوردستان، بتوانن سوودی لە دیمەنەکان وەربگرن و بە گرینگییەوە باسی بکەن.
لەم شەڕ و ئاڵۆزییەدا، جیالەوەی هێرشکراوەتە سەر تیمی پایتەخت و لێیان دراوە، تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان بردراوە و بەشێکی شکێندراوە، ئەوەی جێگای سەرنجە دوای ئەو ڕووداوە پڕ لە ئاڵۆزییە، هێشتان هیچ رێکخراو و دەزگایەکی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنووسان، هەڵوێستی نەبووە و ئیدانی هێرشی سەر تیمەکانی پایتەختی نەکردووە.
پایتەخت میدیا، بە فەرمی لە لایەن فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق مافی پێدراوە رووماڵی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات، تیمەکانی پایتەخت ناویان تۆمار کراوە و باجی فەرمی فیدڕاسیۆنی عێراقیان هەیە، بۆیە ئەرکی ئەو فیدڕاسیۆنەیە پارێزگاری لە گیانی رۆژنامەنووسان و هاندەرانیش بکات.
لە هێرشەی سەر هاندەرانی یانەی هەولێر، ١٤ کەس بریندار بوونە کە برینی بەشێکیان سووک نییە، جیالەوە لە کۆی شەش پاسی گەورەی پایتەخت، هەر هەموویان هێرشیان کراوەتە سەر و بەشی زۆریان، جامەکانیان شکێنراوە و پلێتەکانی بە تووندی زیانی بەرکەوتووە، لێرەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بە زووترین کات بێنە سەر هێڵ و قەرەبوونی برینداران و ئەو کەسانە بکەنەوە کە زیانیان بەرکەوتووە، بە تایبەت شۆفێری پاسەکان.
ئەوەی جێگای نیگەرانییە، هاوکات لەگەڵ هێرشی هاندەرانی شورتە بۆ سەر تیمی پایتەخت و هاندەرانی هەولێر، هێزە ئەمنییەکانی بەغدا هێرشیان کردووەتە سەریان و رێگریان لە هاندەرانی شورتە نەکردووە، بەڵکو خۆیان رێگایان بۆ کردوونەتەوە.
پایتەخت میدیا لێرەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای هەرێم لە کوردستان و عێراق دەکات، بە زووترین کات لەسەر ئەم هێرشە بێنە دەنگ و رێکاری جدی بگرنە بەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم ناحەقییە دژ بە هاندەرانی یانە کوردستانییەکان نەکرێتەوە.
پایتەخت میدیا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، بە زووترین کات بێنە سەر هێڵ و داوای لێبووردن لە هاندەرانی هەولێر و گەلی کوردستان بکەن، هەروەها بەبێ لایەنگری و بەڕوونی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکەن، هێرشکاران بە تووندترین شێوە سزا بدرێن و قەرەبوونی هاندەران و شۆفێری پاسەکان بکەنەوە.
دەزگای میدیایی پایتەخت
2026/9/5