وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پڕۆسەی داخستنی کەمپی هۆڵ لە سنووری ڕۆژئاوای كوردستان خێرا دەکات و ورده‌كاریی نوێ له‌باره‌ی ژماره‌ی ئاواره‌كانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات.

 

ئه‌مڕۆ کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، تا ئێستا 21000 عێراقی لە کەمپی هۆڵەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازیی دەروونی و کۆمەڵایەتی بووە تاوەکو بە شێوەیەکی ئاشتییانە تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بێ ئەوەی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی تۆمار بکرێت.

 

بریکاری وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە لە ئێستادا تەنیا نزیکەی 1200 هاووڵاتیی عێراقی لەو کەمپەدا ماونەتەوە؛ ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا دۆسیەی ئەو کەمپە بەتەواوی دابخرێت.

 

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کەمپی هۆڵی بە 'بۆمبێکی تەوقیتکراو' وەسف کرد کە مەترسیی بەردەوامی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە هەبوو، بەڵام ڕایگەیاند کە بە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووانەکەی، لە ئێستادا مەترسییەکانی بەرەو نەمان دەچن.

 

کەمپی هۆڵ کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە، پێشتر دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێ کرابوو و بە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوەندەکانی کۆکردنەوەی خێزانی چەکدارە توندڕەوەکان لە جیهاندا دادەنرا.