کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دامەزراندنی سەنتەری تایبەتمەند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە لە بواری چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا، هەنگاوێکی گرنگی بڕیوە.
ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەنتەری ئاوات ڕۆژانە پێشوازی لە 180 بۆ 200 تووشبووی شێرپەنجە دەکات و بەپێی خشتەیەکی ڕێکخراو چارەسەری تیشکییان پێشکەش دەکات؛ پرۆسەی پێدانی چارەسەرەکە بە شێوازێکی زانستی بەڕێوە دەچێت و سەرجەم نەخۆشەکان خاوەنی کارتی تایبەتن بۆ دیاریکردنی کاتەکانیان.
بەشی ڕاوێژکاریی سەنتەرەکە ڕۆژانە پشکنین بۆ 40 بۆ 50 چارەخواز دەکات پێش ئەوەی بڕیار لەسەر جۆری چارەسەرەکەیان بدرێت؛ پزیشکە پسپۆڕەکان دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی بەشی تیشکی دەکەن بۆ دانانی پلانی چارەسەری و دیاریکردنی ژمارەی دانیشتنەکان.
بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی سەردەمیانە لەم سەنتەرەدا، وای کردووە ڕێژەی سەرکەوتنی چارەسەرەکان بەرز ببێتەوە و کاریگەرییە لاوەکییەکان کەم ببنەوە؛ هەروەها سیستەمێکی یارمەتیدەر بۆ ڕێگریکردن لە قەرەباڵغی و پێدانی کاتی پێویست بە هەر نەخۆشێک پەیڕەو دەکرێت.
دابینکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی تەندروستی؛ پێشتریش چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بەم نەخۆشییە لە شارە جیاوازەکانی هەرێمدا دروست کراون بۆ دابینکردنی دەرمان و چارەسەری بێبەرامبەر.