بە هۆی تەقینەوەی کۆگایەکی کەرەستە ئاگرینەکان لە وڵاتی بۆلیڤیا، 15 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 80 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاند، تەقینەوەکە لە ناو سەربازگەیەکدا ڕووی داوە کە وەک کۆگای کەرەستەی تەقەمەنی بەکار دەهێنرا. بەپێی دواین ئامارەکان، جگە لە کوژراو و بریندارەکان، تا ئێستا 7 کەسیش بێسەروشوێنن.
هاوکات پۆلیسی بۆلیڤیا هۆشداریی داوە کە مەترسیی تەقینەوەی زیاتر لە ئارادایە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە شوێنی ڕووداوەکە دوور بکەونەوە؛ ڕاشیانگەیاند کە تەقینەوەکە زیانی بە دەیان ماڵی نزیک سەربازگەکە گەیاندووە.
دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کەسوکاری قوربانییان، نیگەرانیی خۆیان نیشان دا لەوەی کە ڕەنگە بە هۆی سەختیی برینی هەندێک لە بریندارەکانەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتر ببێتەوە.