وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساڵنامەی فەرمیی ساڵی نوێی خوێندنی بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆکان لە 2026/9/1 دەست پێ دەکات و لە 2027/6/30 کۆتایی دێت، بەپێی ڕێنماییەکان، ماوەی خوێندنی ساڵانە نابێت لە 30 هەفتە کەمتر بێت، بۆ سیستمی وەرزیش پێویستە هەر وەرزێک لایەنی کەم 15 هەفتە بێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕاگەیندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەو زانکۆیانەی کە سیستمەکانی خوێندنی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکەن، پێویستە هەر وەرزێک 20 هەفتە بێت، بە شێوەیەک 14 هەفتە بۆ وانەوتنەوە و هەفتەکانی تر بۆ تاقیکردنەوە و خۆ تۆمارکردن تەرخان بکرێن.
بۆ ئەو زانکۆیانەی سیستمی سێ وەرزی پەیڕەو دەکەن، پێویستە ماوەی هەر وەرزێک 13 هەفتە بێت، بە جۆرێک 10 هەفتە بۆ خوێندن و کاتی ماوە بۆ خۆ تۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان بێت. هاوکات لە ساڵنامەی سیستەمی بۆلۆنیادا، خوێندکاران لە ماوەی یەک ساڵی ئەکادیمیدا تەنها مافی دوو هەوڵی تاقیکردنەوەی کۆتاییان دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ساڵانە لە پێناو ڕێکخستنی کاتی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکاندا ڕێبەری نوێ بڵاو دەکاتەوە، ئەم ڕێکارانە یارمەتیدەرن لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و هاوتاکردنی سیستمەکان لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکاندا.