لە چوارەم دانیشتنی دادگاییکردنی دۆسیەی لالەزار، تیمی پارێزەرانی حەمەڕەش ڕاپۆرتی پزیشکیی دادییان بەهۆی نەبوونی ئاماژە بۆ ئەشکەنجەدان ڕەت کردەوە.

 

ئەمڕۆ میدیای فه‌رمی به‌ره‌ی گه‌ل ورده‌كاریی نوێی چواره‌مین دانیشتنی دادگای له‌باره‌ی دۆسیه‌ی لاله‌زار بڵاو كرده‌وه‌. تیشكی خسته‌ سه‌ر دۆسیه‌ی حەمەڕەش و ڕایگه‌یاند، لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، دادوەر گەڕانەوەی ڕاپۆرتی پزیشکیی حەمەڕەشی ڕاگەیاندووه‌، به‌ڵام تیمی پارێزەران ڕاپۆرتی پزیشکیی حەمەڕەشیان ڕەت کردەوە.

 

تیمی پارێزەران ئاماژەیان بەوە کردووه‌، كه‌ ڕاپۆرتەکە كه‌موكوڕییه‌كی زۆری تێدایە و باسی ئەشکەنجەدانی تۆمەتبارەکەی تێدا نەکراوە و ورده‌كاریی ته‌واو باس نه‌كراوه‌.

 

پارێزەران جەختیان کردەوە کە حەمەڕەش بە چەقۆ لە سەری و پشتی دراوە و ددانی شکێنراوە، بەڵام ئەم زانیارییانە لە ڕاپۆرتەکەدا نین. داوایان كرد هەموو نیشانەکانی ئەشکەنجەدان لە ڕاپۆرتەکەدا هەبن، ئەگەرنا بە فەرمی تانەی یاسایی لێ دەدەن.

 

حەمەڕەش یەکێکە لە دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار، پێشتر لە کاتی ئامادەبوونی لە بەردەم دادوەر و لە ئامادەبوونی سەرکردەکانی بەرەی گەلدا ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بەکارهێنانی کارەبا و لێدانی سەخت ئەشکەنجە دراوە، زیانی جەستەییی گەورەی بەرکەوتووە و توانای پیاوەتیی لەدەستداوە.