سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا دوو نێردراوی تایبەت بنێرێتە مۆسکۆ و کیێڤ بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نیوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ ئاژانسی ههواڵی (AFP) ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، بەمەبەستی کۆتایهێنان بە جەنگی 4 ساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکڕاینا بهێنێت، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر وەک نێردراوانی ئاشتی بڕیارە ڕۆژی شەممە لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کۆببنەوە و دواتر ڕۆژی یەکشەممە لە کیێڤ چاویان بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بکەوێت.
ترەمپ لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە دا ئەم دوو دانوستانکارە پێشنیازێکی نوێیان پێیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری گەیشتن بە ئاشتی، هاوکات زێلێنسکی وەک نیازپاکییەک لە ماوەی سەردانی نێردراوەکانی ئەمریکا بۆ کۆتایهێنان بەم جەنگە، پێشنیازی ڕاگرتنی کاتیی هێرشە ئاسمانییەکانی کرد.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە هێرشە ئاسمانییەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ژمارەی قوربانییانی مەدەنی بەردەوام لە زیادبووندایە، تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ڕاگەیاندنی ئەم پلانە نوێیەی ئەمریکا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسی بارەگای سەرەکی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیای لە ناوەڕاستی کیێڤ کردە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئۆکرانیا هۆشداری داوە ئاسمانی ڕووسیا بە تەواوی نائارام دەبێت ئەگەر مۆسکۆ لە هێرشەکانی بەردەوام بێت.
جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 بە هێرشی سەربازی ڕووسیا دەستی پێکرد و بووە هۆی ڕووخانی بەشێک لە ژێرخانی ئابووری حکومەت لە کیێڤ، پێشتریش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەستاندنی ئەم ململانێیە شکستیان هێناوە بەهۆی سووربوونی هەردوو لایەن لەسەر مەرجەکانیان.