دووبارە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە لەو دوورگەیە کرایە ئامانج، کە لە 90%ـی نەوتی ئێرانی تێدایە.
ئەمرۆ میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی لە دوورگەی خارگ بە مووشەک لەلایەن ئەمریکاوە کرایە ئامانج، تێیدا هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووەتەوە و کەشتییەکە لەلایەن سەرنشینەکان چۆڵ کراوە.
بەگوێرەی زانیاری ئەم سەرچاوە ئێرانییانە، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی خارگ لە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بووە بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، دورگەی خارگ ئەو دوورگەیەیە کە 90%ـی نەوتی ئێرانی تێدایە.
سیاسەتی نوێی ئەمریکا
لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەمریکا بۆیەکەمجار وەک تۆڵەسەندنەوەی لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکانی گەرووی هورمز، دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی کردە ئامانج، بەرپرسێکی ئەمریکاش ئەم هێرشەی بە بەشێک لە سیاسەتی "کەشتی بەرامبەر بە کەشتی" وەسف کرد، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پەسەند کراوە.
بەگوێرەی سیاسەتی "کەشتی بەرامبەر بە کەشتی"، هەر کەشتییەک لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بکرێتە ئامانج، ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە وەڵامدا کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی دەکاتە ئامانج، ئەمەش بەمەبەستی فشارکردنە سەر ئێران تا دەست لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی گەرووی هورمز هەڵبگرێت.
لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی ئێران، دوێنێ هەینی موحسین پاکنژاد، وەزیری نەوتی ئێران ئاشكرای کرد، تا ئێستا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکادا زیاتر لە 550 خاڵی دوورگەی خارگ کراونەتە ئامانج، بەڵام کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت لە ژێر بۆردووماندا بەردەوامبوون لە کارکردن و بارکردنی نەوت.