بەهۆی بەریەککەوتنی دوو کەشتیی تورکییەوە کارەساتێکی دەریایی لە دەریای مەڕمەڕە ڕووی دا و یەکێکیان نوقم بوو.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی پارێزگاری ئەستەنبووڵ و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دەریایی تورکیا ڕایانگەیاند، لە کاتژمیر 3ـی بەرەبەیاندا دوو کەشتی لە ناوچەی سیلیڤری باشووری ئیستەنبووڵ بەریەک کەوتوون، پێدەچێت کەشتی بارهەڵگری توغبێرک ئیمامۆغڵو کە یەکێکە لە کەشتییەکان بە تەواوی نوقم بووبێت 10 ئەندامی تیمی ناو کەشتییەکە ون بوون.

 

کەشتی نوقمبووەکە درێژییەکەی 90 مەترە و لە بەندەری ئەسکەندەرونەوە بەرەو دەریای ڕەش بەڕێگاوە بووە. کەشتییەکەی دیکە بە ناوی ئالسو زیانی پێنەگەیشتووە، ئەم کەشتییە گواستنەوەی نەوت و ماددە کیمیاییەکان دەکات و لە کۆجائێلییەوە بەرەو کەناراوەکانی دەریای ئیجە دەڕۆیشت.

 

هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا بە هاوکاری هێلیکۆپتەرەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی ڕزگاربووان یان تیمی کەشتییە نوقمبووەکە نەدۆزراوەتەوە، مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ئەندامانی ناو کەشتییەکە بە تەواوی بێدەنگن و وەڵامی هیچ بانگەوازێک نادەنەوە.