کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا دانا ئەحمەد مەجید بۆ ناو ئەندامانی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان زیاد بکا، ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەی جومگە جیاوازەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەرچووە.

 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، بە زۆرینەی دەنگ ڕەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی ناوی دانا ئەحمەد مەجید بۆ لیستی ئەندامانی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیارەکە پاڵپشت بە نووسراوی فەرمیی بزووتنەوەکە و فەرمانگەی کاروباری حیزبەکان دەرچووە.

 

وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، فەرمانگەی کاروباری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕاسپێردراوە ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بگرێتەبەر، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بزووتنەوەی گۆڕان چەند گۆڕانکارییەکی لە جومگە باڵاکانی سەرکردایەتیکردنی حیزبەکەدا ئەنجام دا.

 

دانا ئەحمەد مەجید لە ئێستادا وەک کەسی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان مامەڵە دەکات و ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆنیش شەرعییەتی یاساییی تەواو بە پێگەکەی دەبەخشێت.