دادگایەکی بەریتانیا سزای 9 ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەر گەنجێکی کوردی 19 ساڵاندا سەپاند بەهۆی تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی خۆی بە هێلەگێکی ساختەی خۆکوژییەوە.

 

پۆلیسی دژەتیرۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا بڵاوی کردەوە، محەممەد خەلیل نادیر دانیشتووی شاری میدڵزبۆرۆ، بە تۆمەتی هەڵگرتنی کەرەستە بۆ مەبەستی تیرۆریستی و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی توندڕەوی سزادراوە. ناوبراو وێنەیەکی بەو هێلەگە بۆمبە ساختەیە بڵاوکردووتەوە، کە جیهاد شامی تۆمەتباری سووری لە هێرشەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 بۆ سەر کەنیسەی هیتۆن پارک لە مانچستەر بەکاری هێنابوو.

 

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، نادیر هێلەگێکی  هاوشێوەی کڕیوە، دواتر 500 ستوونی ئاسنی خستووەتە ناو هێلەکەکە  بۆ ئەوەی شێوەی لە هێلەکە خۆکوژیە بچێت، ئەو گەنجە ڤیدیۆیەکی خۆی تۆمار کردووە، هێلەکەکەی پۆشیوە، وایەر و سویچێکی ساختەی پێوە بەستووە، دەنگی تەقینەوەشی خستووەتە سەر ڤیدیۆکە و لە تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە، پۆلیس دوای دەستگیرکردنی، لە ناو ماڵەکەیدا هێلەکەکە و چەندین دەقی نووسراوی لەسەر هاندانی تیرۆر و ڤیدیۆی پروپاگەندەی داعشی دۆزیوەتەوە.

 

جەیمس دونکەرلی، سەرۆکی پۆلیسی دژەتیرۆری ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، باوەڕە توندڕەوەکانی نادیر لە ماوەی دوو ساڵدا گەشەیان کردووە و کڕینی هێلەکەکە مەترسییەکی گەورە بووە بۆ سەر ئاسایش، ناوبراو لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بەردەوام هەوڵی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و هاندانی خەڵکی بۆ کردەوەی خۆکوژی داوە.

 

هێرشەکەی سەر کەنیسەی مانچستەر لە ساڵی 2025 ڕووی دا، لەلایەن جیهاد شامی تۆمەتباری سووری بوو، کە بە ئۆتۆمبێل خۆی کێشا بە دەروازەی کەنیسەی هیتۆن پارک لە مانچستەر ، پاشان بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵک و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران.