شانەی ئەمنی عێراق تاوانباری ڕووداوەکەی باشووری بەغدای دەستگیرکرد، لەو ڕووداوەدا کۆمەڵێک ئەفسەر بریندار بوون و گیانیان لەدەست دا.
ئەمڕۆ فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاوی کردەوە، هێزەکانی شانەی هەڵۆکانی سەر بە دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانەوە، دوای 2 ڕۆژ لە بەدواداچوونی وردی تەکنیکی و مەیدانیەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان بکوژی عەمید و ئەفسەرەکەی ڕووداوەکەی ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا دەستگیر بکەن.
لە 27ـی ئابی ئەم مانگە، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمیدا بۆ لادانی زێدەڕۆییەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی دەوروبەری باشووری بەغدا، مەفرەزەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و شارەوانی ڕووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە، بەو هۆیەوە عەمیدێک و ئەفسەرێک گیانیان لەدەست دا و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای ڕووداوەکە، بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و بە ئامادەبوونی فەرماندە ئەمنییەکان، گەمارۆی ناوچەکە درا و دەروازەکانی داخران، دواتر هەڵمەتێکی فراوانی پشکنین و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە ئەنجام درا و گومانلێکراویک دەستگیرکرا.