شەوی ڕابردوو لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، هێزەکانی ئاسایش 10 کەسیان دەستگیر کرد کە سەرجەمیان ژنن؛ لە نێو دەستگیرکراوەکانیشدا بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و لاوانی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەری شێڵتەری ژنانی ئیدارەکە هەن.

دەربارەی کەیسەکە، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەم دۆسیەیە لای ئەوان نییە و هیچ زانیارییەکیان دەربارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان بەدەستەوە نییە.

هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دەستگیرکردنی ئەم کەسانە دەگەڕێتەوە بۆ کەیسێکی کەسی و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەرکی ئیداری و کاری فەرمانگەکانیانەوە نییە، بەڵکو دەبێت دادگا لەو بارەیەوە بڕیار بدات.

لەلایەکی دیکەوە، عەقید کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئاگاداری دەستگیرکردنی ئەم کەسانە نین.

 ئەمە لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەڕین داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەم کەیسەوە.