لاهور تاڵەبانی لەبارەی ڕووداوەکەی لالەزارەوە پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان کرد؛ ئەو دادوەرەکان بە بەرپرسیار دەزانێت و پێی وایە کە تەسلیمی حیزب بوون.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕینی شەش ڕۆژ بەسەر ساڵڕۆژی ڕووداوەکەی لالەزار، لاهور تاڵەبانی پەیامێکی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردەوە، کە بەپێی بڵاوکراوەکە بێت، لە هەمان ڕۆژی ساڵڕۆژەکەدا نووسراوە.
لاهور تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئەو هەرگیز لە یاسا ڕای نەکردووە و هەمیشە بەرگریکاری سەروەریی یاسا بووە. لە پەیامەکەیدا هاتووە کە پاش ساڵێک مانەوە لە زیندان، دادوەرەکان ڕێگرییان لەوە کردووە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی بکرێت.
دهقی پهیامهكه:
ساڵێك بەسەر ئەو هێرشە نامەردانەیەدا تێدەپەڕێت کە بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە کرایە سەر ماڵەکەم و بووە هۆی رژانی خوێنی چەندین لاوی کورد.
گلەی لەوانە ناکەم کە هێرشەكەیان کرد، چونكە دەمێکە ویژدان و کەرامەتی خۆیان بەرامبەر گەل و نیشتیمان دۆڕاندووە، بۆیە چاوەڕێی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەم لێدەكردن.
گلەییم لەو دادوەرانە هەیە کە رێگەیان خۆشکرد بۆ سەرۆکی حزب و هێزی لە یاسادەرچوو كە بتوانن بەناوی دادگاوە بە تانک و درۆن و زرێپۆش ئەو جینۆسایدە ئەنجامبدەن.
هێرش و جینۆسایدەکەتان بەرامبەر کەسێک بوو کە هەرگیز لە یاسا راینەکردووە و بەرگریكاری سەروەری یاسا بووە.
بەداخەوە دادوەرەکان بەمەیشەوە نەوەستان، دوای ساڵێک مانەوەمان لە زیندان بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی فەرمانی حزب و رێگرییان کرد لەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی بکرێین.
بۆیە لێرەبەدواوە دادوەرەکان بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانم بەرامبەر خوێنی بەناحەق ڕژاوی ئەو گەنجانە، وەبیریان دەهێنمەوە کە ئەوان سوێندی یاساییان خواردووە كە پارێزەری سەروەری یاسا بن و دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات بەیەک چاو سەیربکەن، بەڵام بەداخەوە وادیارە نایانەوێ بە سوێندخواردنەکەی خۆیانەوە پابەندبن، ئەگەر وابكەن ئەوە لە پێناو پۆست و پارە ویژدانی خۆیان فرۆشتووە، بەڵام دڵنیابن مێژوو ڕەحمتان پێ ناکات بەرامبەر ئەو خیانەتەی کە لەپیشەی خۆتان دەیکەن
لاهور شێخ جەنگی
21ی ئابی 2026