لێژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ڕوونکردنەوە لەبارەی نەمانی نمرەی بڕیار دەدات و به‌ نیازن لەبڕی ئەو نمرەیە ساڵانە سیسته‌می 'کێرڤ' جێبه‌جێ بكه‌ن و ئه‌میش دوو جۆری هه‌یه‌.

 

ئەمڕۆ لێژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ڕایگەیاند، نمرەی بڕیار لە پۆلی 12دا بوونی نییە و تەنیا سیستەمی 'کێرڤ' پەیڕەو دەکرێت. بڕیاری پێ دانی کێرڤ لە دەسەڵاتی لێژنەی باڵای تاقیکردنەوەکاندایە و دوای تەواوبوونی هەر خولێک، بەپێی ڕێژەی دەرچوون بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەگەر ڕێژەی دەرچوون کەم بێت کێرڤ دەدرێت، بەڵام ئەگەر ڕێژەکە زۆر بێت، لەوانەیە کێرڤ نەدرێت.

 

لێژنەكه‌ ئاماژەی بەوەش کرد کە دوو جۆر کێرڤ هەیە؛ ئەوانیش کێرڤی گشتی بۆ هەموو وانەکان و کێرڤی تایبەتن. کاتێک قوتابییەک لە وانەیەکدا نمرەی 40 بەدەست دەهێنێت و دەکرێتە 50، ئەوە کێرڤی تایبەتە نەک نمرەی بڕیار؛ پێ دانی کێرڤیش ساڵ بە ساڵ و خول بە خول دەگۆڕێت.

 

سەبارەت بە مانەوەی قوتابییان لە یەک یان دوو وانە ڕایگەیاند، قوتابی دەتوانێت بۆ ساڵی داهاتوو تەنیا تاقیکردنەوە لەو یەک یان دوو وانەیە بکاتەوە. ئەگەر ساڵی دووەمیش دەرنەچوو، مافی هەیە ساڵێکی دیکەش تاقیکردنەوە لەو وانانە ئەنجام بداتەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ساڵی سێیەم سەرکەوتوو نەبوو، دەبێت سەرلەنوێ تاقیکردنەوەی بەرایی لە هەموو 7 وانەکەدا بکاتەوە تاوەکو مافی بەشداری لە تاقیکردنەوەی کۆتایی بەدەست بهێنێتەوە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ دووشەممە ئەنجامی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ڕاگەیەندرا. لە کۆی 117142 قوتابی، 40046 کەسیان لە هەرسێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەرچوون.