پارێزگای هەولێر هەڵمەتێکی فراوان بۆ ڕێکخستنەوەی ناوشار و مۆدێرنکردنی بازاڕە جیاوازەکان بەڕێوە دەبات.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی نوێی ڕێکخستنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر بەڕێوەچوو.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین بڕیاری گرنگ بۆ دەستپێکردنی خێرای پڕۆژەی نوێکردنەوە و گۆڕینی سیمای بازاڕی لەنگە بۆ شێوازێکی مۆدێرن خرانە پلانەوە، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشیی لە لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕەکان کرد و جەختی لەسەر خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکان کردەوە.

 

ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە، کە پاراستنی ژیان، کار و داهاتی کاسبکاران لە سەرووی هەموو کارە لەپێشینەکانی حکومەتەوەیە، ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانەش ئەوەیە سەرجەم بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکانی پایتەخت بە شێوازێکی شارستانی ڕێکبخرێنەوە، تا سەلامەتیی گیانی و ماڵیی هاووڵاتییان و کاسبکاران بە تەواوی پارێزراو بێت.

 

بازاڕی لەنگەی هەولێر یەکێکە لە کۆنترین و ناسراوترین  بازاڕەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەدان کاسبکار لەم بازاڕەدا کار دەکەن و سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ فرۆشتنی کاڵای نوێ و دەستی دوو (بالە).