عێراق هەنگاوێکی مێژوویی و ستراتیژی لە بەڕێوەبردنی گەورەترین دۆسیەی دادوەریی دژ بە ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش دەنێت.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ قۆناغی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتەی لە دۆسیەی 5 هەزار و 704 تۆمەتباری سەر بە ڕێکخراوی داعش تەواو کرد، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق گوێزرابوونەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پرۆسەکە ئێستا پێ دەنێتە قۆناغی دادگاییکردنی فەرمی لەبەردەم دادگای تایبەتمەند، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەم دۆسیە نێودەوڵەتییە دەکات و تیمێکی دادوەری و لێکۆڵەرانی بۆ ڕاسپاردووە.
تۆمەتبارەکان خەڵکی 67 وڵاتی جیاوازن، لەوانە 16 وڵاتی عەرەبی، 19 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا و 32 وڵاتی تری جیهان، لە نێوان ئەم تۆمەتبارانەدا 474 عێراقی و 3 هەزار و 497 سووری هەن، لێکۆڵینەوەکان توانیویانە سەرکردە و ئەندامانی زۆر مەترسیداری داعش ئاشکرا بکەن، لە نێویاندا 6 تۆمەتبار دەستنیشان کراون کە دەستیان لە تاوانی کۆیلەکردن و کڕین و فرۆشتنی ژنانی کوردی ئێزیدی هەبووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەوەش ئاشکرا کرد، دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەر تۆمەتبارەکان، دەستبەسەرێکی فینلەندی و یەکێکی ئەمریکی و 7 عێراقی ئازاد کرد، هاوکات ڕێکارەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی 457 سووری بۆ وڵاتەکەیان بەردەوامە.
بۆ پاراستنی ئاسایش و کەمکردنەوەی مەترسی لە کاتی گواستنەوەی تۆمەتبارە مەترسیدارەکاندا، هۆڵێکی تایبەت بە دادگاییکردنی ڤیدیۆیی لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی داخراوەوە ئامادە کراوە، هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لەژێر چاودێریی ڕێکخراوە مرۆییەکان و مانگی سوور بەڕێوە چوون، هاوکات پارێزەر بۆ سەرجەم تۆمەتبارەکان دابین کراوە تا مافە یاساییەکانیان پارێزراو بێت.
عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هاوکاریی ئەم دۆسیە گەورەیە بکەن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئەم دۆسیە ستراتیژییە لە مانگی شوباتی 2026 دەستیان پێ کردبوو، دوای کۆکردنەوەی بەڵگە بایۆمەتری و زانیارییە هەواڵگرییەکان کارەکانی تەواو بوون.