پاش دەستگیرکردنی لەسەر هەڵواسینی تابلۆیەکی کوردی لەسەر دوکانەکەی، ڕێبینی ئاسنگەر بە بڕیاری دادگای دیالە بە کەفالەت ئازاد کرا.
ڕێبین ستار (ناسراو بە ڕێبینی ئاسنگەر)، دوای ئەوەی شەوێک پێش خۆپیشاندانەکەی خانەقین لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە لە پارێزگای دیالە دەستگیر کرابوو، بە بڕیاری دادوەر و بە کەفالەت ئازاد کرا.
کەمێک لەمەوبەر ستار عەبدوڵڵا، باوکی ڕێبینی ئاسنگەر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، قسەی لەگەڵ ڕێبینی کوڕی کردووە و دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانی ئازادکردنی لە دادگای دیالە، ئێستا لە شاری بەعقوبەوە بەڕێ کەوتووەتەوە بەرەو خانەقین.
ڕێبین ستار، لەدایکبووی ساڵی 1997ە و خاوەنی شوێنکارێکی ئاسنگەرییە لە قەزای خانەقین، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای ئەوەی تابلۆی دوکانەکەی گۆڕی بۆ زمانی کوردی، دەستگیر کرا و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە کرایەوە.