لاهور تاڵەبانی و چەندین کەسی دیکە لە گیراوانی دۆسیەی لالەزار، ڕۆژی پێنجشەممە لەبەردەم دادگای تاوانەکانی سلێمانی دادگایی دەکرێن.
ئهمڕۆ دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی گیراوانی لالەزار، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی 3ی ئەیلوولی 2026، لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی و 10 کەسی دیکە بەپێی ماددەی 56ی یاسای سزاکان دادگایی دەکرێن.
گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو 12 کەسە تۆمەتبارن بە 'ڕێککەوتنی تاوانکاری' بۆ ئەنجامدانی تاوان یان پیلانگێڕی بۆ کوشتنی کەسێک.
دانا تەقیەدین ئاشکرای کرد کە ئێستا 27 گیراوی دۆسیەی لالەزار لە زیندانەکاندان و بەپێی ماددەکانی 56 و 406 تۆمەتبار کراون؛ دۆسیەی ماددەی 406یش ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش کراوە تاوەکو دوای دەستێوەردانی پێداچوونەوە (تەمییز)، سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکاندا بکرێتەوە.
سەبارەت بە 15 گیراوەکەی دیکە، وتەبێژی تیمی پارێزەران هیوای خواست دادگای لێکۆڵینەوە دوای پیاچوونەوە بە بەڵگەکاندا، بڕیاری ئازادکردنی بەشێکیان بدات.
ناوبراو داوای کرد نوێنەری کونسوڵخانەکان، ڕۆژنامەنووسان، داواکاری گشتیی هەرێم و نوێنەری سەرۆکی هەرێم لە دانیشتنەکەدا ئامادە بن، تاوەکو ڕوونی و ئاشکرایی و دادپەروەری لە پرۆسەکەدا مسۆگەر بکرێت.
لاهور تاڵەبانی پێشتر لە ڕێکەوتەکانی 12ی کانوونی دووەم و 14ی ئایاری 2026 لەبەردەم دادوەر ئامادە بووە، بەڵام دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممە یەکەمین دادگاییکردنە کە دەچێتە ناوەڕۆکی دۆسیەکەوە.