بەهۆی دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەوە، زیاتر لە 80 دۆنم زەوی و 130 درەخت سووتان؛ هاوکات پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی بەو هۆیەوە ڕاگەیاند.

 

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاوی کردەوە، لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری گوندی بلۆکین لە ناحیەی ئاغجەلەر ئاگادار کراونەتەوە، دوای گەیشتنی تیمەکانیش بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

 

پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە 80 دۆنم لەوەڕگە و پووش، هەروەها 130 درەختیش سووتان.

 

سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، پۆلیسی دارستان ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کارکردنی تراکتۆرێک لە ناوچەکەدا ئاگرەکە سەری هەڵداوە و بەو هۆیەوە خاوەنی تراکتۆرەکە دەستگیر کراوە.