داهێنانی تەکنەلۆژیایەکی نوێی ژیریی دەستکرد، شۆڕشێکی گەورە لە بواری پزیشکی و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵدا دروست دەکات.

 

ئەمڕۆ میدیا زانستییە جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، توێژەرانی کۆلێژی ئیمپریالی لەندەن بە هاوکاریی دەزگای دڵی بەریتانی، ئامرازێکی نوێی ژیریی دەستکردیان پەرەپێ داوە، کە دەتوانێت لە ڕێگەی شیکردنەوەی هێڵکاریی کارەباییی دڵ (ECG) لە کەمتر لە 2 چرکەدا، مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ دەستنیشان بکات.

 

ئەم توێژینەوەیە لە کۆنگرەی کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی دڵی ئەورووپی لە میونشن خرایە ڕوو؛ تێیدا دەرکەوت ئامرازەکە پۆلێنکردنی خێرا بۆ نەخۆشەکان دەکات تاوەکو بخرێنە پێشەوەی لیستی چاوەڕوانی بۆ پشکنینی سۆنەر.

 

سیستەمەکە لەسەر بنەمای نموونەیەکی مەشقپێکراو بە ملیۆنان هێڵکاریی دڵ کار دەکات، بە جۆرێک دەتوانێت وردەکارییە شاراوەکان بدۆزێتەوە. لە تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر زانیاریی زیاتر لە 67 هەزار نەخۆش لە ئەمریکا، ئەم مۆدێلە توانی بە ڕێژەی 81%ی حاڵەتەکانی سستبوونی دڵ و نزیکەی 90%ی حاڵەتەکانی نەخۆشیی زمانەکانی دڵ ئاشکرا بکات.

 

دکتۆر فو سیۆنگ نگ، مامۆستای نەخۆشییەکانی دڵ لە لەندەن ڕایگەیاند، ئەم تەکنەلۆژیایە هاوکار دەبێت لە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی مەترسیی زۆریان لەسەرە بەبێ ئەوەی کاتی زۆر بەفیڕۆ بچێت، هەروەها هەوڵ دەدەن مۆدێلەکە بخەنە ناو ئامێرە پزیشکییە گوازراوەکانەوە.

 

پزیشکان جەخت دەکەنەوە ئەم ئامرازە تەنیا بۆ پۆلێنکردن و دیاریکردنی پێشینەی پشکنینە، نەک وەک جێگرەوەیەک بۆ پزیشکی پسپۆڕ یان سۆنەری دڵ. گرنگیی ئەم داهێنانە لەوەدایە ڕێگە بە پزیشکان دەدات کاتی نەخۆشە مەترسیدارەکان کورت بکەنەوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی کۆتایی، چونکە زۆرجار چاوەڕوانیکردن بۆ ئەنجامدانی سۆنەری دڵ چەندین مانگ دەخایەنێت.