گۆڕانکارییە خێراکانی ناو وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بەردەوامییان هەیە و کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر پێکهاتەی سەربازیی ئەو وڵاتە دروست دەکەن.
ئەمڕۆ کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە، دان دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکا دوای 18 مانگ لە کارکردن لە پۆستەکەی دەستی لەکار کێشایەوە، ئەم بڕیارە دوای چەندین مانگ لە ناکۆکی و گرژیی بەردەوام لەگەڵ پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ دێت.
دریسکۆڵ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە، هاوکات ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی ستایشی ڕۆڵی دریسکۆڵی کرد لە جێبەجێکردنی سیاسەت وئەجێنداکانی سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن و ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دریسکۆڵ لەبارەی دۆخی ئێستای سوپاوە لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە و پاشان بڕیارەکەی داوە، ئەم وازهێنانە زنجیرەیەک گۆڕانکاریی تری بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە جۆن فیلان، وەزیری هێزی دەریایی و جەنەڕاڵ ڕاندی جۆرج، سوپاسالاری ئەمریکا لە بەهاری ئەمساڵدا لە پۆستەکانیان لادران.
دان دریسکۆڵ ساڵی ڕابردوو بۆ کارێکی نائاسایی بۆ وەزیری سوپا دیاری کرا، بۆ ئەوەی هاوکار بێت لە گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، زیاد بوونی ئەم باروودۆخانە گرژییەکانی ناو بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆنی زیاتر دەرخستووە.