لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پتەوکردنی هێزی سەربازی، فەرەنسا پڕۆگرامی خزمەتی سەربازی ئارەزوومەندانە پێشکەشی گەنجان دەکات و مانگانە مووچەشیان پێ دەدات.

کەناڵی یۆرۆ نیوزی فەرەنسی ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە لە فەرەنسا 3 هەزار گەنج دەست بە پڕۆگرامێکی خزمەتکردنی نەتەوەی (خزمەتی سەربازی) دەکەن، پڕۆگرامەکە ئارەزوومەندانەیە و شوێنی پڕۆگرامی 'خزمەتی نیشتمانیی گشتگیر' (Service National Universel - SNU) دەگرێتەوە، کە پێشووتر هەڵوەشێندرابوویەوە.

پڕۆگرامە سەربازییەکە ماوەی 10 مانگ دەخایەنێت و تێیدا بەشداربووان مەشقی سەربازی، دیسپلن و چۆنییەتی بەکارهێنانی چەک دەکەن، کە لە 5 هەفتەی سەرەتادا بە مەشقی سەربازی بنەڕەتی دەستپێدەکات، دواتر بەشداربووان دەخرێنە ڕیزی سوپا، هێزی ئاسمانی و دەریایی.

بۆ بەشداربووان شوێنی مانەوە، خواردن و جلوبەرگ دابینکراوە، هاوکات مانگانە بڕی 800 یۆرۆ وەردەگرن، بەگوێرەی پلانەکەش، سەرجەم مەشقەکان لە ناو خاکی فەرەنسا بەڕێوەدەچن.

حکومەتی فەرەنسا لە سەرەتادا پلانی هەیە ژمارەی بەشداربووان بۆ 10 هەزار کەس لە ساڵێکدا زیاد بکات، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئەم ڕێژەیە بۆ 50 هەزار بەشداربوو تا ساڵی 2035، هێزە چەکدارەکان هیوادارن بەرنامەکە لە کەسانی لێهاتوو دروست بکات، تا بەتوانن لە خزمەتی سەربازی پڕۆفیشناڵ یان هێزی یەدەگ وەربگیرێن.

ئەم مۆدێلە ئەگەری کەمە ببێتە هۆی دووبارە سەپاندنەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ, سوپای فەرەنسا، کە نزیکەی 200 هەزار ئەندامی هەیە، توانای مەشقپێدانی تەواوی نەوەیەکی نییە کە ساڵانە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار گەنج دەبێت، دارایی گشتیش کێشەیەکی دیکەیە، خەمڵاندنەکان دەریدەخەن کە تێچووی بەرنامەکە تا ساڵی 2030 دەگاتە نزیکەی 1 ملیار یۆرۆ لە ساڵێکدا، تەنانەت ئەگەر تەنها 10 هەزار گەنجیش بەشداری بکەن.