لە سعودیە دەستنووسێکی دەگمەنی سورەتی مەریەم دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ سەدەی سێیەمی کۆچی ( سەدەی نۆیەمی زایینی) دەگەڕێتەوە، دواتر لە مۆزەخانە نمایشکرا.
ڕۆژنامەی 'ڕیاز دەیلی' بڵاویکردەوە، دەستنووسێکی دەگمەن کە بەشێک لە سورەتی مەریەمی لەخۆگرتووە و لەسەر پێست بە مەرەکەبی سوور نووسراوەتەوە، دوای دۆزینەوەی لە مۆزەخانەی قورئانی پیرۆز لە دەستەی ڕۆشنبیریی حیرا لە سعودیە بەڕووی سەردانیکەران و گەشتیاران نمایشکرا.
ڕۆژنامە سعودیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نمایشکردنی ئەم دەستنووسە دەرفەت بۆ توێژەران و سەردانیکەرانی مۆزەخانەکە دەڕەخسێنێت تا لە نزیکەوە ئاشنای گەشەسەندنی مێژوویی نووسینەوەی دەقی قورئان و شێوازە جیاوازەکانی تۆمارکردنی ببن لە سەدە سەرەتاییەکانی ئیسلامدا.
مۆزەخانەی قورئانی پیرۆز، تیشک دەخاتە سەر مێژووی قورئانی پیرۆز و گەشەسەندنی قۆناغەکانی نووسینەوەی، لە ڕێگەی کۆمەڵێک دەستنووسی دەگمەن و نمایشی بینراو لەنێو مۆزەخانەکەدا.