دوای مانگرتنی بەشێک لە خاوەن مۆلیدەکان لە بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنمایی دا سووتەمەنی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بۆ مانگی ئەیلوول دابین بکرێت؛ ئەم هەنگاوەش بە مەبەستی هاندانی خاوەن مۆلیدەکانە بۆ دووبارە کارپێکردنەوەی ئامێرەکانیان.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنمایی داوە بۆ هەر کاتژمێرێک بڕی 40 لیتر سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراوی 400 دینار بۆ هەر لیترێک بە درێژایی مانگی ئەیلوول دابین بکرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکوەزیراندا جەخت لە پابەندبوون بە کاتەکانی کارکردن کراوەتەوە، بە جۆرێک کە پێویستە ڕۆژانە 20 کاتژمێر کارەبا لەنێوان کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکاندا بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت، تاوەکو کارەبایەکی سەقامگیر و بەردەوام لە ئارادا بێت.

 

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان داوای پاڵپشتیی حکوومەت و دابینکردنی سووتەمەنییان دەکرد، بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان، لە شەوی ڕابردووەوە دەستیان بە کوژانەوەی مۆلیدەکانیان کردبوو.

 

بەغدا یەکێکە لەو شارانەی عێراق کە مۆلیدەی ئەهلی تێیدا بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی ڕۆژانە. بەپێی ئامارەکان، ژمارەی مۆلیدە تۆمارکراوەکان لە ساڵی 2024دا بۆ نزیکەی 25 هەزار مۆلیدە بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا ژمارەی مۆلیدە تۆمارکراوەکان تەنیا 14 هەزار بووە و نزیکەی 7 هەزار مۆلیدەش بەبێ تۆمارکردن کاریان کردووە.