سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کارەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان و شەقامە گشتییەکانی پایتەخت چڕتر دەکاتەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان.

 

ئەمڕۆ کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پلانێکی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی سەنتەری شار و بازاڕی ئیسکان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە چارەسەرکردنی ئاستەنگییەکانی هاتوچۆ و ڕێکخستنی شوێنی کارکردنی کاسبکاران دروست دەبێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی شارەوانی هەولێر، پڕۆژەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، دانانی پانکەی فێنککەرەوە لە شوێنە گشتییە قەرەباڵغەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها چەندین دەستشۆری گشتی نوێ لە شوێنە جیاوازەکان دروستدەکڕێت، سەرەتاش پرۆسەکە لە باخی شارەوە دەست پێ دەکات و پاشان بۆ بازاڕ و ناوچەکانی دیکەی پایتەخت دەگوازرێتەوە.

 

بازاڕەکانی سەنتەری شاری هەولێر و گەڕەکی ئیسکان بە یەکێک لە قەرەباڵغترین ناوچەکانی پایتەخت دادەنرێن و ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەهۆی جەنجاڵی و بەرزی پلەی گەرماوە هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە.