دادگای عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دارایی، دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر پارە، زەوی و زار، و ئۆتۆمبێلی گرانبەهای یەکێک لە تێوەگلاوەکانی دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوتە گەندەڵەکە ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ دادوەری عێراق رایگەیاند، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەستی بەسەر بڕی 7 ملیار دیناری عێراقی و 5 ملیۆن و نیو دۆلاری ئەمریکیدا گرتووە، ئەم پارانە لە ژێر دەستی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو، عەلا موحسین خەڵەف بووە، ناوبراو بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتی پێشوو بووە.

 

بڕیارەکەی دادگا جگە لە دەستبەسەرداگرتنی پارە، 35 خانووبەرە و زەوی لەگەڵ 6 ئۆتۆمبێلی گرانبەهاش لەخۆ دەگرێت، ئەمانەش هەموویان بەشێک بوونە لەو دۆسیە گەندەڵییەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتباراندا بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی لایەنەکانی ئەم دۆسیە داراییە گەورەیە.

 

دادگا تایبەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین کەسی باڵا و بەرپرسیان بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی دەستگیرکردووە، ئەمەش بەشێکە لە هەڵمەتی چاکسازی بۆ پاراستنی دارایی گشتی وڵاتەکە.