یەکێک لە بریندارەكانی ڕووداوی بارهەڵگرەکەی کەسنەزان، دوای 5 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، به‌مه‌ش ژماره‌ی قوربانییان بۆ 2 كه‌س به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

 

ئەمڕۆ سالار فارووق سلێمانی، یەکێک لە بریندارەكانی ڕووداوی بارهەڵگرەکەی سەر ڕێگای کەسنەزان بۆ هەولێر، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌ی دوای 5 ڕۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

 

ئەم ڕووداوە لە 26ی ئابی 2026 لەبەردەم ماجدی لاندی شاری هه‌ولێر ڕووی دا، كه‌ تیایدا بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لەدەست دا و بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا و ئاگرێکی گەورەی لێ کەوتەوە.

 

به‌پێی هاتووچۆی هەولێر، بارهەڵگرەکە بە خێراییەکی زۆر لە تاسەی کەمکردنەوەی خێرایی داوە و پەڕیوەتەوە بۆ شەقامی بەرامبەر و سەرەتا خۆی بە بارهەڵگرێکی پڕ لە قیردا کێشاوە، دواتریش خۆی به‌ ژماره‌یه‌ک ئۆتۆمبێڵ دا كێشا و له‌ ئه‌نجامدا 2 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ 7 كه‌سیش بریندار بوون.

 

شۆفێری بارهەڵگرەکە ناوی هەڵکەوت ساڵحە و گەنجێکی خەڵکی کەلارە، کە خۆیشی بە سەختی بریندار بووە، دوای ڕووداوه‌كه‌ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كرا.

 

له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ڕووداوه‌كه‌دا پیاوێکی به‌ ته‌مه‌نی خەڵکی هەڵەبجە گیانی لەدەست دا، كه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێرییان كردبوو. به‌مه‌ش دوای گیان له‌ده‌ستدانی سالار فارووق ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان بۆ 2 كه‌س به‌رز بووه‌وه‌.