ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکی نوێی حکومەتی ژاپۆن دەریدەخەن ڕێژەی هاوسەرگیری لە نێو گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆی ژاپۆنی ڕایگەیاند، ئاژانسی منداڵان و خێزان لە ژاپۆن ڕاپرسییەکی بەرفراوانی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامداوە بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ساردبوونەوەی گەنجان لە هاوسەرگیری، لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە ڕێژەی %50.8 لە بەشداربوان سەڵتن، پێشینەی کارەکانیان بەخشیوە بە کاتەکانی خۆشی، پشوودان و خولیای تایبەتی خۆیان.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەم ڕاپرسییە لە 20ـی ئایاری ڕابردوو دەستی پێکردووە و تێیدا نزیکەی 100 هەزار گەنج لە تەمەنی 15 بۆ 39 ساڵان بەشدارییان تێدا کردووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 68 هەزار وەڵامی دروست شیکارییان بۆ کراوە.

 

ڕاپرسیەکە دەریخستووە ئەو گەنجە سەڵتانەی بەشداربوون %35.1 نایانەوێت هاوسەرگیری بکەن، لە کاتێکدا %37.5 ئارەزوو دەکەن لە داهاتوودا پێکهێنانی خێزان تاقیبکەنەوە، تەنها %9.5ـیش دەیانەوێت لە زووترین کاتدا هاوسەرگیری بکەن.

 

حکومەتی ژاپۆن لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین هاندەر و ئاسانکاری دارایی بۆ هاندانی گەنجان بۆ هاوسەرگیری و منداڵبوون ڕاگەیاندووە بەڵام هێشتا نەبووەتە هۆی چارەسەرکردنی تەواوی قەیرانی دیموگرافی و دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون لەم وڵاتەدا.