لە نەمسا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە ئامارێکی پێوانەیی لە گیانلەدەستدان تۆمار کرا؛ تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 600 کەس گیانیان لەدەست داوە.

 

ئاژانسی نەمسا بۆ تەندروستی و خۆراک ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی گەرمای توندەوە تەنیا لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا، 646 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراوە؛ بەمەش ئامارەکانی ساڵی 2024ی تێپەڕاند کە لە هەمان ماوەدا 570 حاڵەت بوو.

 

ئاژانسەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە، لە سەرەتای مانگی ئابدا پلەی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە گەیشتە 41.2 پلەی سەدی، کە بەوەش ڕیکۆردی پێشووی تێپەڕاند کە 41 پلە بوو؛ بەشێک لە شارەزایانیش هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا بۆ چالاکییە مرۆییەکان دەگەڕێننەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، نەمسا هاوشێوەی بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، لە هاوینی ئەمساڵدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی گەرما و وشکەساڵی بووەتەوە و پلەکانی گەرما ئاستێکی پێوانەییان تۆمار کردووە.