پەیوەندی نێوان کاتی نانخواردن و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی بیرچوونەوە لە تەمەنی پیریدا، بابەتێکی جێی سەرنجی ناوەندە زانستییەکانە، لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئاماژە بە کاریگەریی کاتی نانخواردنی ئێوارە و پشتگوێخستنی ژەمی بەیانیان دەکەن لەسەر تەندروستیی مێشک ئاشکرادەکەن.
زانایانی ژاپۆن لە توێژینەوەیەکدا لە ڕێگەی چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیی 283 هەزار کەسی سەروو تەمەن 72 ساڵ، گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی تێکچوونی کاتی ژەمەکان مەترسیی تووشبوون بە زەهایمەر و بیرچوونەوە زیاتر دەکات، بەپێی توێژینەوەکە، پشتگوێخستنی بەردەوامی ژەمی بەیانیان مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە (زەهایمەر) بە ڕێژەی 13٪ بەرز دەکاتەوە.
هەروەها خواردنی ژەمی ئێوارە لە کاتێکی درەنگدا، بە شێوازێک کەمتر لە دوو کاتژمێر پێش خەوتن و زیاتر لە سێ جار لە هەفتەیەکدا، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە بە ڕێژەی 17٪ زیاد دەکات، زانایان ڕوونی دەکەنەوە ئەم دیاردەیە تەنها هۆکار نییە، بەڵکو گوزارشت لە تێکچوونی ڕیتمی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤ دەکات پێش دەرکەوتنی نیشانە فەرمییەکانی نەخۆشییەکە.
پڕۆفیسۆر میخائیل کۆریاکین، پسپۆڕی بواری تەندروستی ئاماژە بە کاتژمێری بایۆلۆژیی لەش دەکات، شەوانە دەزگاکانی جەستە سست دەبن و پەنکریاس ئامادە نییە بۆ وەرگرتنی بڕی زۆری خۆراک، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن و زیان گەیاندن بە دەمارەکان. جگە لەوەش، کاتی نێوان ژەمی ئێوارە و بەیانیان یارمەتی پاککردنەوەی خودیی خانەکان دەدات، بەڵام نانخواردنی درەنگ و نەخواردنی بەیانیان ئەم سوودە ناهێڵێت.
زانایان جەخت دەکەنەوە تەنها ڕێکخستنی ژەمەکان بەس نییە بۆ ڕێگریی تەواوەتی لە نەخۆشیی بیرچوونەوە لە پیریدا، هۆکارە بۆماوەییەکان، ئاستی خوێندەواری، چالاکیی جەستەیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی توانای هۆشیاریی مرۆڤدا.