گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و میلیشیاکان گەیشتە بنبەست و ئەمریکا هەڕەشەی هێرش دەکات، میلیشیاکان 10 مەرجی قورسیان بۆ دانانی چەک داناوە.
ئهمڕۆ ڕۆژنامەی ئەلمەدا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردهوه و گهیشتنه بنبهستی دانوستانەکانی نێوان حکومەتی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەهۆی مەرجە نوێیەکانی ئەو گروپانەوە ڕاگهیاند و نووسیویهتی، دانوستانهكان شکستییان هێناوە.
بهپێی ڕۆژنامهكه، ئەم دۆخە مەترسیی هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی زیاتر کردووە. میلیشیاکان 10 مەرجیان بۆ چەکدانان داناوە، لەوانە کشانەوەی ئەمریکا، دەرچوونی هێزەکانی تورکیا، پەکەکە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لەگەڵ چەند بابەتێکی پەیوەست بە پێشمەرگە. حکومەتی عێراقیش زمانی گفتوگۆی لە 'داماڵینی چەک'ەوە بۆ 'ڕێکخستنی چەک' گۆڕیوە تا میلیشیاکان ڕازی بکات، بەڵام بێسوود بووە.
بهپێی زانیارییهكان، هەریەک لە هادی عامری، نوری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی هەوڵی دۆزینەوەی دەرچەیەک دەدەن، چونکە نایانەوێت ئەمریکا دەستێوەردانی سەربازی بکات. لە لایەکی ترەوە، میلیشیاکان پشتیوانیی میللییان لەدەست داوە، چونکە خەڵک دەترسن چالاکییە چەکدارییەکانی ئەوان عێراق پەلکێشی ناو جەنگی ئێران و ئەمریکا بکات.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە 30ی ئەیلوول دوا وادەیە بۆ چەکدانانی میلیشیاکان و ئێستا ململانێی سەرەکی لەسەر ئەوەیە کە له نێوان دهوڵهت و میلیشیاكاندا کێ بڕیاردەری کۆتایییە لە سیاسەتی ئەمنیی عێراقدا.