وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی سەوزبڵاخ بووە هۆی برینداربوونی 6 کەس و ڕەوانەکردنیان بۆ نەخۆشخانە.

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی هاتووچۆی گەرمیان بڵاوی کردەوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری بریجۆ لەسەر ڕێگای قەزای کەلار بۆ قەزای خانەقین وەرگەڕاوە.

 

بەهۆی ڕووداوەکەوە شۆفێر و 5 سەرنشین بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار کراون.

 

به‌پێی بڵاو كراوه‌كه‌، بریندارەکان لەدایکبووی ساڵانی 2000، 2001، 2003 و 2004ن و بەپێی دوایین زانیارییەکان تەندروستیی هەموویان جێگیرە.

 

تیمەکانی هاتووچۆ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە دەست پێ کردووە.