خۆپیشاندانەکەی خانەقین دژی بەعەرەبکردن دواخرا و سەرۆککۆماری عێراق داوای کۆبوونەوە دەکات.
ئەمڕۆ لێژنەی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان لە خانەقین بڵاوی کردەوە، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 داوایان کردووە لەگەڵ ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکە کۆ ببنەوە.
بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ دژی بەعەرەبکردنی شارەکە گردبوونەوەیەکی جەماوەری ئەنجام بدرێت، بەڵام بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری چالاکییەکە هەڵپەسێردرا.
لهلایهكی دیكهوه، حزبە کوردستانییەکانی خانەقین پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە، ئەوان داوایان کرد چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە زوویی بەدەم داواکارییە ڕەواکانی خەڵکەوە بێن.
حزبە کوردستانییەکان جەختیان کردەوە کە دەبێت هەموو دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن و فەرمانی گرتن بۆ چالاکوانان و گەنجانی شارەکە هەڵبووەشێنرێتەوە.
خانەقین یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، دانیشتووانەکەی دژی پێشێلکردنی مادەی 140 و مەترسییەکانی سەر ناسنامەی شارەکەیانن.