ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان چوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتووەوە، وەزارەتی پەروەردە سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک کتێب، کەلوپەل و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی دابین کردووە.

 

ئەمڕۆ ئالان حەمە سەعید وەزیری پەرروەردە لە کۆۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، زیاتر لە 20 ملیۆن کتێبی نوێ چاپکراون، نزیکەی 90٪ـی کتێبەکان گەیشتوونەتە کۆگا فەرمییەکان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکاندا، بەم زووانەش بە ڕێژەی 99٪ دابەش دەکرێن.

 

بۆ ساڵی نوێی خوێندن وەزیری پەروەردە ئاشکرایکرد، 32 باڵەخانەی قوتابخانەی نوێ لە سەرتاسەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادە کراون، هەروەها 264 کۆنتێنەری کەلوپەلی نوێ گەیشتوونەتە ناوەندەکانی خوێندن و چاککردنەوەی مێز و کورسییەکان بەردەوامە، وەزارەت پلانی هەیە خوێندنی پیشەیی لە ڕێگەی زیادکردنی ئامادەییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئینگلیزی پەرە پێ بدات.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا ئاڵان حەمە ساڵح پشتراستی کردەوە، سبەی 1ـی ئەیلوول مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە و پڕۆسەی ڕاهێنانی 19 ڕۆژە دەست پێ دەکات، ئەم ڕاهێنانە بابەتەکانی تەکنەلۆژیا، زیرەکی دەستکرد، ژینگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان لەخۆ دەگرێت، بۆ کارئاسانی هاتوچۆی مامۆستایانی دەرەوەی شار، بڕیار دراوە لە نزیکترین قوتابخانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بەشداری خولەکان بن.

 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بەر لە دەستپێکردنی وەرزی خوێندن پلان و پڕۆگرامی نوێ بۆ مامۆستایان و قوتابیان دادەڕێژێت، ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەرن لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و باشترکردنی ژینگەی خوێندن لە قوتابخانەکاندا.