وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی کەرتی بازرگانیی ئەلیکترۆنی دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، سەرجەم لاپەڕە و هەژمارە بازرگانییەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناچار دەکرێن مۆڵەتی فەرمی بەدەست بهێنن.
ئەمڕۆ محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، پلاتفۆرمی بازرگانیی ئەلیکترۆنی بۆ پێدانی مۆڵەتی فەرمی بە فرۆشگاکانی سەر فەیسبووک، ئینستاگرام و تیکتۆک کارا کراوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، تۆمارکردنی یاسایی دەبێتە هۆی دیاریکردنی ناسنامەی فرۆشیار لای دەوڵەت بۆ ڕێگریکردن لە هەر کێشەیەکی یاسایی.
وەزارەتی بازرگانی ئامانجی لەم هەنگاوەدا بریتییە لەوەی ڕێگری لە کار و چالاکیی گەنجان نەکرێت، بەڵکو دەیەوێت هاوکارییان بکات بۆ سوودمەندبوون لە ئاسانکارییە داراییەکانی حکومەت، پرۆسەکە لە سەرەتادا بە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە دەست پێ دەکات و دواتر ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی ساختەکاری یان فێڵکاری، وەزارەتی بازرگانی بەڵگە و زانیارییە پەیوەندیدارەکان ڕەوانەی دادگا و دەزگا ئەمنییە تایبەتەکان دەکات، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی پێویست وەربگیرێت و مافەکانی هاووڵاتییان بپارێزرێن.
پرۆسەی ڕێکخستنی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکان لە کۆتایی ساڵی 2025ـەوە دەستی پێ کردووە، ئەم ڕێکارانە بەپێی سیستمی ڕێکخستنی بازرگانیی ئەلیکترۆنی ژمارە 4ـی ساڵی 2025 و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی جێبەجێ دەکرێن بۆ بنبڕکردنی سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.