بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، ڕووداوێکی دەستڕێژی گوللە لە هەولێر ڕوویداوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

کەمێک لەمەوبەر کەیفی مەلا حەسەن، پەیامنێری پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، کاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ لە گەڕەکی 99ـی زانکۆی هەولێر، زاوایەک هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەزووری و دەستڕێژی گوللەی لێ کردوون، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا خوشکی هاوژینەکەی کوژراوە و هاوژینەکەی و خەزووریشی بریندار بوون.

 

بەپێی وتەی شایەتحاڵێک بۆ پایتەخت میدیا، هۆکاری ڕووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی درێژخایەنی نێوانیان دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی زاواکە لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە. 

 

پەیامنێری پایتەخت میدیا جەخت دەکاتەوە، هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە، تاوەکو ئێستاش تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکراوە.