وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داهاتوو و چارەنووسی پێگەی پۆلیسی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی چاکسازی لە هەموو جۆرەکانی پۆلیس و زیادکردنی متمانەی هاووڵاتییان، لەگەڵ تیمێکی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر بۆ ماوەی 3 ڕۆژ کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی پەرەپێدانی پۆلیس دەکەن.

وەزیری ناوخۆ لە کۆنگرەکەدا گوتی: "دەمانەوێت کار لەسەر هەموو جۆرەکانی پۆلیس بکەین، تەنها کار لەسەر ئەوە نەکرێت کە پۆلیس بڕوانامەی ئەکادیمی وەربگرێت و سەرشانی پڕ بێت لە پلە، بەڵکو دەمانەوێت زیاتر کار لەسەر هزر و کەسایەتیی پۆلیس بکەین".

ڕێبەر ئەحمەد ئاشکراشی کرد، لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییانەدا 4 بنکەی نموونەیی لە (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە) دروست دەکرێت و دەبێتە بنکەی ئەزموونی، ناوبراو ڕوونی کردەوە ئەگەر ئەم بنکانە سەرکەوتوو بن، ئەوا گشتاندنی پێ دەکرێت و لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت.

هەر لەم کۆنگرەیەدا وەزیری ناوخۆ جەختی کردەوە ئامانج لەو چاکسازییانە، بەرزکردنەوەی پێگەی پۆلیسە لەناو ئۆرگانەکانی دیکە و کۆکردنەوەی تواناکانە بۆ ئەوەی بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان و هێزەکانی پۆلیس بەهێزتر بکرێت.

لەسەر بابەتی ڕێکخستنی سزاکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، ڕێبەر ئەحمەد ڕوونی کردەوە، بەهۆی نەبوونی لێکتێگەیشتن پێشتر ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، کەس نەبوو سزای بدات یان تۆماری بکات و بەپێچەوانەشەوە، بەڵام لە ئێستادا دوای واژووکردنی لێکتێگەیشتنێک لە نێوان هەردوو حکومەت، بە ئاسانترین شێوە سەرپێچییەکان لە هەردوولا تۆمار دەکرێت و تەنها لەوانەیە لە بڕی سزاکە جیاوازی هەبێت.

سەبارەت بە هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر دۆسیەی گەندەڵی، ناوبراو گوتی: "هەرچی داواکراوێک هەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، ئێمە هەموویمان جێبەجێ کردووە و ژمارەیەکی زۆرمان لە داواکراوان دەستگیر کردووە"، بە گوتەی ئەو، ژمارەیەکی زۆریش لە پارە و زێڕی گەندەڵکاران دەستی بەسەردا گیراوە و ڕادەستی بەغدا کراوە.