کونسوڵخانەی گشتی کۆماری چین لە هەولێر ئاسانکاری نوێ بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات.

کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر ڕایگەیاند، لەمەودوا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە ڕێگەی سیستمی ئۆنڵاینی کۆڤا داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش بکەن، ئەم سیستمە نوێیە بە مەبەستی ڕەخساندنی ئاسانکاری زۆرترە بۆ داواکاران، بە شێوەیەک پێویستە سەرجەم بەڵگەنامە داواکراوەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی هاوپێچ بکرێن، دوای ناردنی مامەڵەکە، پێشکەشکار دەتوانێت هەنگاوەکانی تێپەڕبوونی پرۆسەکە لە ناو کونسوڵخانەدا بە شێوەی ئۆنڵاین ببینێت.

 ڕێکارەکانی داواکردنی ڤیزا بە شێوازی نوێ بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت: لە سەرەتادا داواکار لە ڕێگەی پۆستی ئەلیکترۆنییەوە لە سیستمەکەدا خۆی تۆمار دەکات، پاشان ئەو شارە دەستنیشان دەکات کە داواکارییەکەی لێوە پێشکەش دەکات، دواتر جۆری ڤیزاکە دیاری دەکرێت، قۆناغی کۆتایی پڕکردنەوەی فۆرمێکی نۆ بەشییە، کە پێویستە هەموو زانیارییەکان بە دروستی تێدا تۆمار بکرێن.
 
جۆرەکانی ڤیزای چینی کە  بەردەستە بریتییە لە:
 
ڤیزای جۆری (L) بۆ گەشتیاری.
٠ ڤیزای جۆری (M) بۆ بازرگانی.
٠ ڤیزای جۆری (F) بۆ سەردانی زانستی و کولتووری.
٠ ڤیزای جۆری (X1-X2) بۆ خوێندنی کورت مەودا و درێژ مەودا.
٠ ڤیزای جۆری (Z) بۆ کارکردن.
٠ ڤیزای جۆری (R) بۆ ئەو کەسانەی چین پێویستی بە پسپۆڕییەکانیان هەیە.
٠ ڤیزای جۆری (J1-J2) بۆ ڕۆژنامەنووسان ئەوانەی دەیانەوێت سەردان بکەن و ئەوانەشی دەیانەوێت بەشێوەی بەردەوام بمێننەوە.
٠ ڤیزای جۆری (S1-S2) بۆ سەردانیکردن.
٠ ڤیزای جۆری (Q1-Q2) بۆ سەردانیکردنی کەسوکاری ئەو خێزانانەی کوڕ یان کچیان لە چین دەخوێنن.
٠ ڤیزای جۆری (G) بۆ ترانزێت.
 
کونسوڵخانەی چین لە هەولێر لە ڕێکەوتی 22ـی شوباتی 2024 سەنتەری پێدانی ڤیزای کردەوە، پێشتر بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێویست بوو مامەڵەکان بنێردرێن بۆ باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا بە تێچووی 500 دۆلار، بەڵام ئێستا بەهۆی کردنەوەی سەنتەرەکە لە هەولێر، تێچووەکە بۆ 38 دۆلار کەم کراوەتەوە.